شه‌هرام گوڵجینن برا بچووكه‌كه‌ی كه‌مال گوڵجینیه‌، ئه‌وان به‌ گۆرانی (خیانه‌ت) به‌یه‌كه‌وه‌ ناسران و كه‌چی ئێستا بڕیاری جیابوونه‌وه‌یان داوه‌، هۆكاری ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ شه‌هرام له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ (بابیلۆن مه‌گه‌زین) باس ده‌كات، هه‌روه‌ها باسی ژیانی تایبه‌تی خۆیشی ده‌كات، كه‌ به‌ هۆی كاری سپۆنسه‌ر هاتۆته‌ هه‌ولێر و خۆشه‌ویستێكی هه‌ولێریی به‌ قسمه‌ت بوو.

زانا دزه‌یی تۆ كوردستان له‌گه‌ڵ براكه‌ت هونه‌رمه‌ند (كه‌مال گوڵجین) ناسرایت، له‌ ئێرانیش هه‌ر به‌هۆی براكه‌ته‌وه‌ ناسراویت یاخود به‌كاری خۆت؟

شه‌هرام گوڵجین: پێشتریش كاری خۆم هه‌بووه‌، به‌ڵام زیاتر به‌ كاره‌كه‌ی من كاك كه‌مال به‌ گۆرانی (خیانه‌ت) ناسراوم، ئێستاش هه‌ر ده‌توانم به‌ ته‌نیا كار بكه‌م و هیچ كێشه‌یه‌كم نییه‌.

زانا دزه‌یی واتا نیازی ئه‌وه‌ت هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كه‌مال گوڵجینن جیابیته‌وه‌؟

شه‌هرام گوڵجینن: به‌ڵی، هه‌ر چه‌نده‌ من هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ برام كه‌مال نییه‌، بۆ نموونه‌ كارێكی دیكه‌مان هه‌یه‌ پێكه‌وه‌ گوتوومانه‌ به‌منزیكانه‌ له‌ ئه‌لبوومه‌كه‌ی ئه‌ودا بڵاوده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت له‌مه‌ودوا به‌ ته‌نیا كار بكه‌م وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌ك خه‌ڵك به‌ بۆنه‌ی كه‌سێكی تره‌وه‌ من بناسێت و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ منی ده‌وێت له‌به‌ر خۆم منی بووێت، هه‌روه‌ها له‌به‌ر چه‌ند هاوكارێك دیكه‌ش ئه‌م بڕیاره‌م داوه‌ كه‌ پێم خۆش نییه‌ لێره‌ باسی هه‌موو شتێك بكه‌م.

زانا دزه‌یی ده‌توانی به‌راشكاوی وه‌ڵام بده‌یته‌وه‌، هیچ كێشه‌یه‌كت له‌گه‌ڵ كه‌مال گوڵجینن هه‌یه‌ یان نا؟

شه‌هرام گوڵجین: نه‌خێر، حه‌ز ده‌كه‌م باسی ئه‌وه‌ بكه‌م كاك كه‌مال زۆر هاوكاری منی كردووه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بایه‌ من نه‌مده‌توانی بگه‌م به‌و ئاسته‌ی ئێستام. جگه‌ له‌ برایه‌ك وه‌كو مامۆستایه‌ك له‌ بواری هونه‌ری مندا سه‌یری ده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌مه‌وێت جیاببمه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی پشت به‌ خۆم ببه‌ستم، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ كاك كه‌مال بتوانی تاوه‌كو پێج ساڵی تر گۆرانی بڵێت، به‌ڵام من جاری رێگه‌ی زۆرم له‌ پێشه‌، پێم وایه‌ ئه‌ویش ئه‌و شته‌ی ده‌وێت، چونكه‌ كاتێك داوای جیابوونه‌وه‌م كرد ئه‌ویش هه‌ر ئه‌و شته‌ی ده‌ویست و ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ش له‌ خودی كاك (كه‌مال) ـه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌.

زانا دزه‌یی واتا ئه‌وه‌نده‌ پیره‌ كه‌ پێج ساڵی تر نه‌توانی گۆرانی بڵێت؟

شه‌هرام گوڵجین: كاك كه‌مال كوڕه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی منه‌.

زانا دزه‌یی پێتوایه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كه‌ تۆ له‌گه‌ڵ كه‌مال گوڵجینن به‌ده‌ستت هێنا له‌ دوای ئه‌وه‌یش سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنی؟

شه‌هرام گوڵجینن: به‌ڵی به‌ دڵنیاییه‌وه‌، بڕوام به‌ توانای خۆم هه‌یه‌ زیاتر له‌ جاران به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆم.

زانا دزه‌یی بۆ تائێستا كلیپت نییه‌، تۆش له‌به‌ر نه‌بوونی پاره‌یه‌؟

شه‌هرام گوڵجینن: نا من خۆم نه‌مویستووه‌، من له‌گه‌ڵ ماڵه‌وه‌ جیابوومه‌ته‌وه‌ و به‌ ته‌نیا له‌ (پیران شار) ده‌ژیم وام پێخۆشتره‌ و خۆشم حه‌زم له‌ ته‌نیاییه‌. بۆ كلیپ رێك نه‌كه‌وتووه‌. به‌ڵام له‌ داهاتووییه‌كی نزیكدا یه‌كه‌م ڤیدیۆ كلیپم بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌.

زانا دزه‌یی ئه‌ی چ ئیشێك ده‌كه‌ی جگه‌ له‌ خوێندن؟

شه‌هرام گوڵجین: له‌ پێشانگای ئۆتۆمبێل كار ده‌كه‌م، ده‌یكڕم و ده‌یفرۆشمه‌وه‌.

زانا دزه‌یی خۆشه‌ویستت هه‌یه‌، لێره‌یه‌ یاخود له‌ ئێران و چۆن ئاشنایه‌تیتان دروست كرد؟

شه‌هرام گوڵجین: لێره‌یه‌ و خه‌ڵكی هه‌ولێره‌ له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ئاشنایه‌تیمان دروست كرد و ئێستا په‌یوه‌ندیمان زۆر خۆش و گه‌رموگوڕه‌.

زانا دزه‌یی چیترت ماوه‌ باسی بكه‌یت؟

شه‌هرام گوڵجین: ته‌نیا كه‌سێك كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تاوه‌كو ئێستا هاوكاریم ده‌كات دایكی خۆشه‌ویستیم بووه‌، بۆیه‌ من لێره‌ هه‌میشه‌ سوپاسی ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت له‌ كۆتایدا داوایه‌ك ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌م كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك لاپه‌ره‌یان به‌ناوی منه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان زۆر زۆره‌، نزیكه‌ی 40 په‌یج و لاپه‌ره‌ به‌ناوی منه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌ك بیه‌وێت په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ بكات نازانێت كامه‌ راسته‌قینه‌یه‌. ئه‌وه‌ كێشه‌ی بۆ دروستكردووم كه‌ كۆمپانیاكان كه‌ منیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێن تۆمان به‌ سه‌ختی دۆزیوه‌ته‌وه‌. په‌یجی تایبه‌تی خۆم 10 هه‌زار لایكم هه‌یه‌ كه‌چی په‌یجیكیان به‌ناوی منه‌وه‌ داناوه‌ 21 هه‌زار لایكی هه‌یه‌! ئه‌وه‌م به‌لاوه‌ سه‌یره‌. ئه‌وه‌ خۆشه‌ویستی نییه‌ بۆمن بۆیه‌ داوایان لی ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر منیان خۆشده‌وێت په‌یجه‌كانیان به‌ناوی منه‌وه‌ دابخه‌ن.