|
بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر ئه‌و هاوڕێ و دۆست و نووسه‌رانه‌ی که
ماوه‌ی زیاتر له حه‌وت ساڵه داوا و تکایان لێده‌که‌ین که ئه‌و بابه‌ته‌ی
له هه‌مان کاتدا بۆ شوێنێکی تری ده‌نێرن بۆ ئێمه‌ی نه‌نێرن، چونکه
کوردستان نێت بابه‌تێك بڵاو ناکاته‌وه، که هه‌مان کات له شوێنێکی تردا
بڵاوکرابێته‌وه. به‌داخه‌وه ئه‌م داوایه‌مان له لایه‌ن زۆر له
نووسه‌رانه‌وه ڕه‌چاوناکرێت و به هیچ شێوه‌یه‌ک حساب بۆ ماندوبوون
شه‌ونخونی ئێمه ناکه‌ن که کات و ئه‌رکێکی زۆر ده‌که‌وێته سه‌رمان تا
بابه‌تێك ئاماده‌ده‌که‌ین بۆ بڵاوکردنه‌وه. بۆیه بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین
به‌رانبه‌ر ڕه‌چاونه‌کردنی ئه‌و داوایه‌مان بڕیارماندا بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ
کوردستان نێت بوه‌ستێنین و هیچ بابه‌تێك بڵاونه‌که‌ینه‌وه و هه‌موو ئارشیف
و لینکه‌کانی کوردستان نێت ڕابگرین.
مه‌به‌ستی ئێمه له‌م داوایه ئه‌وه نییه ته‌نها ده‌بێت بابه‌ت لای ئێمه
بڵاوبکه‌نه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، له کوێ ده‌خوازن بڵاوی بکه‌نه‌وه
گرنگ نییه، ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که‌ت پاش دوو هه‌فته‌ش هه‌ر کاریگه‌ری خۆی
هه‌یه، ئه‌وا پاش دوو هه‌فته له‌بڵاوکردنه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ی بنێرن، ئێمه
به‌چاوان بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا بابه‌تێك که له
شوێنێکدا شانسی بڵاوکردنه‌وی هێناوه، پێویست ناکات ئێمه بڵاوی
بکه‌ینه‌وه و ئه‌و کاته‌ی به ئاماده‌کردنی ئه‌و بابه‌ته سه‌رفی ده‌که‌ین
باشتر وایه لامان شانس بده‌ینه بابه‌تێکی تر که بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه.
به‌ڕێزان ئێمه خۆمان به جیا له زۆربه‌ی زۆری ئه‌وسایتانه‌ی که سه‌ر به
حیزب و حکومه‌ت و ڕێکخرا و ته‌که‌تول، کومهڵهن، ده‌بینین، ئه‌وانه
هه‌موویان خاوه‌ن ستافی سی تا چل که‌سین و لێشاوی دۆلار
له‌به‌رده‌ستیاندایه و ڕۆژانه چاوه‌ڕێی بابه‌تێکن به‌ده‌ستیان بگات،
ده‌ستبه‌جێ بڵاوی بکه‌نه‌وه.
کوردستان نێت سایتێکی جه‌ماوه‌رییه‌و هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ له
خۆده‌گرێت و به زمانێکی ساده، دوور له جنێو سوکایه‌تی و ته‌شهیر به هیچ
مرۆڤێك بابه‌ته‌کانی بڵاوده‌کاته‌وه. سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ و زانیارییه‌کانی،
ته‌نها نووسه‌ران و خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی شه‌قام و هه‌ژاران و گه‌نجانی
کوردستانه، هیچ هه‌واڵ و زانییارییه‌ک له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌ن
و که‌سایه‌تی و تهکهتولێك بڵاو ناکاته‌وه. هه‌رگیز نه‌مان ویستووه
ببینه بوقی ده‌سه‌ڵاتدارێك که بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیی و تهکهتولهکهی
هه‌واڵه قێزه‌ونه‌کانی ناو پارته‌که‌ی، له ڕێگای ئێمه‌وه بڵاوبکاته‌وه.
بۆیه لێشاوی گه‌نج و پیر و ڕۆشنبیران ڕوویان تێکردووه و ڕۆژانه له
نێوان سه‌د تا سه‌دوپه‌نجا بابه‌ت به‌ده‌ست کوردستان نێت ده‌گات. که زۆر
سته‌ما بتوانین به ته‌نها باڵ هه‌موویان ئاماده بکه‌ین.
کوردستان نێت منه‌ت به‌سه‌ر هیچ که‌س و لایه‌نێکدا
ناکات، کاره‌کانی خۆبهشییهو به‌بێ به‌رانبه‌ره. بهروخسهتی ئه‌وانه‌ی
که مانگانه به‌سه‌دان هه‌زار دۆلار له که‌چه سایته‌که‌یاندا سه‌رف
ده‌که‌ن و له ڕۆژێکدا یه‌ک دوو هه‌واڵ بڵاوده‌که‌نه‌وه که له ته‌واوی
ته‌له‌فیزۆنه‌کانی ناوخۆ ده‌ره‌و جیهاندا بڵاوکراوه‌ته‌وه. به چه‌ند
ڕۆژێکیش وتارێ یا ڕاپۆرتێك بڵاوده‌که‌نه‌وه. زۆر ڕاشکاوانه من وه‌ك
به‌رپرسی کوردستان نێت، ڕایده‌گه‌یه‌نم، که مه‌سره‌فی مالی کوردستان نێت
بۆ سێرڤه‌ره‌کانی (که پێنج سهرڤهره) و دۆماینهکانیشێ له ڕۆژێکدا
ته‌نها پاره‌ی سێ جگه‌ره‌یه.
به‌ڵام ئه‌رك و ماندوبوون و به‌ڕێوه‌بردنی کارێکی سه‌خته و ماوه‌ئ نۆ
ساڵه ته‌وایی ژیانمانمنان بۆ ته‌رخان کردووه، ڕاستگۆیانه ده‌یلێین
رۆژانه نزیکه‌ی شانزه کاتژمێر له سه‌ر یه‌ک له کوردستان نێتدا
کارده‌که‌ین، به‌سه‌ر به‌رزییه‌وه به ئه‌رکێکی نه‌ته‌وایه‌تی سه‌رشانی
خۆمانی ده‌زانین، و هیچ منه‌تێکی تێدا نییه.
کوردستان نێت هه‌رگیز پێشبڕکێ له‌گه‌ڵ هیچ سایتێکدا ناکات و پێویستی پێی
نییه چونکه ته‌نها سایتێکه که ڕۆژانه توانای بڵاوکردنه‌وه‌ی زیاد له
په‌نجا (ئارتیکل) ی هه‌یه. که ئه‌مه له هیچ سایتێکی کوردی‌دا بوونی
نییه. ئێمه وه‌ك کوردستان نێت هه‌میشه پێ به‌قه‌ده‌ر به‌ڕه‌که‌مان
ڕاده‌کێشین، خوازیاریش نین سایته‌که‌مان زۆر بکرێته‌وه، ئه‌ویش به هۆی
ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له مانگێکدا ژماره‌ی ئه‌وکه‌سانه‌ی سه‌ردانی کوردستان نێت
ده‌که‌ن زیاد له پێویست بابه‌ته‌کانمان کلیکه بکه‌ن که له
سێرڤهرهکهماندا ڕێگای پێدراوه، ئێمه ده‌بێت پاره‌ی زیاتر بده‌ینه
سێرڤه‌ره‌که‌مان، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه کێشه بۆ ژیانی تایبه‌تیمان درووست بکات.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان نێت سایتێکی جه‌ماوه‌رییه و نێتی هه‌مووانه،
نووسه‌ره‌کان به‌یه‌ك چاو ته‌ماشا ده‌کات، نازی که‌س به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا
قبوڵ ناکات، زۆر هه‌ڵه‌ن ئه‌وانه‌ی که داوامان لێده‌که‌ن وێنه‌که‌یان
به‌گه‌وره‌یی و له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌وانی تردا دابنرێت، به‌ڵکو ئێمه
بابه‌ته‌کان به گوێره‌ی بابه‌تی ڕۆژ له‌سه‌ره‌وه داده‌نێین و که‌من ئه‌و
نووسه‌رانه‌ی که تا ئێستا شانسی ئه‌وه‌یان وه‌رنه‌گرتبێت، له‌سه‌ره‌وه
بابه‌ته‌کانیان دابنرێت.
وه‌ك کوردستان نێت دڵمان هێنده‌ی ده‌ریایه‌ك گه‌وره‌یه هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك
له به‌رچاو ده‌گرین، کاتێك ئێمه به ته‌نها له ڕۆژێکدا هێنده‌ی هه‌موو
ڕاگه‌یاندنی کوردستان به حیزبی و حکومی و ئه‌هلییه‌وه، بابه‌ت و هه‌واڵ و
ڕاپۆرتمان به‌ده‌ست بگات، بێگومان که‌موکوڕییش له‌کاره‌کانماندا ده‌بێت و
زۆرجاریش هه‌ڵه‌ده‌که‌ین و ڕه‌نگه غه‌دریشمان له هاوڕێ و دۆستانی خۆمان
کردبێ، بۆیه به‌گه‌وره‌ی خۆیان داوای لێبووردن له هه‌موو ئه‌وکه‌سانه
ده‌که‌ین که ڕۆژێك له ڕۆژا هه‌ستی کردبێت غه‌درمان لێکردووه.
براتان
عومه‌ر فارس عه‌زیز
به‌رپرسی کوردستان نێت |